گۆشت



هۆرمۆن لە گۆشتدا

هەندێك جار چەند هۆرمۆنی تایبەت دەدرێنە گۆلك و مەڕ و چێڵی شیردەر بە مەبەستی زیادبوونی كێش و زیادبوونی بەرهەمهێنانی شیر. بەكارهێنانی هۆرمۆن لە پیشەسازیی گۆشت و شیرەمەنیدا لەگەڵ ئەگەری زیانە لابەلاكان بۆتە جێگای مشتومڕی نێوەندە پزیشكییەكان. هۆرمۆنی گەشەی چێڵ bGH كە ناسراوە بە سۆماترۆپین b Somatropin هەر لە ساڵی 1993 بەسەرەوە لە لایەن ئاژانسی دەرمان و خۆراكی ئەمریكییەوە FDA رێگا بە بەكارهێنانی دراوە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی شیری چێڵ، هەروەها جەخت لەوە كراوەتەوە كە شیر و بەرهەمەكانی ئەگەر بڕی كەمی ئەم هۆرمۆنە لەخۆبگرن كاریگەرییەكی خراپ ناكەنە سەر تەندروستی، چونكە ئەم هۆرمۆنە لە پرۆتین پێكهاتووە و لە گەدەدا تێكدەشكێت و ناگاتە خوێن وەكو هۆرمۆنە ستیرۆیدییەكان. بە هەرحاڵ، شیری ئەو مانگایانەی كە هۆرمۆنی گەشەیان پێدەدرێت، چەند ماددەیەكی كیمیایی لەخۆدەگرێت بە ناوی فاكتەرەكانی گەشەی پشت بەستوو بە ئینسولین. تەنیا گۆشتی گۆلك و چێڵ لەوانەیە كە هۆرمۆن لەخۆبگرن، ئەو هۆرمۆنانەی كە لەوانەیە لە گۆشتدا بن هۆرمۆنە ستیرۆیدییەكانن Steroid hormones وەكو: ئیسترادایۆل، پرۆجێستیرۆن، تێستۆستیرۆن، زیرانۆل، ترینبۆلۆن، میلینجیسترۆل. بەگشتی خواردنی ئەم گۆشتانە مەترسی بۆ تەندروستی نییە، بەڵام ئەگەر ئەم هۆرمۆنانە بدرێنە پەلەوەر ئەوسا خواردنی گۆشتەكانیان پەسەند ناكرێت.